ئاهه‌نگی‌ گالای‌ كوردی‌ له‌ دانیمارك 

 ئاهه‌نگی‌ گالای‌ كوردی‌ له‌ دانیمارك‌.

 

كه‌ناڵی‌ كوردان تی‌ ڤی‌
بۆ ساڵی‌ دووهه‌م و له‌ڕێوڕه‌سمێكی‌ نموونه‌یی‌ و بێ‌ وێنه‌دا و بۆ ناساندن و ڕێزلێنان و خه‌ڵاتكردنی‌ ڕۆڵی‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ كورد و دانیماركییه‌ چالاكانه‌ی‌ كه‌ له‌ پرسی‌ گه‌لی‌ كورد و كوردستاندا بێوچان كاریانكردووه‌ بۆ ناساندن و پاڵپشتیكردنی‌ دۆزی‌ ڕه‌وای‌ كورد، نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ باكووری‌ ئه‌وروپا، ڕێوڕه‌سمی‌ گالای‌ كورد، له‌ كۆپنهاگنی‌ پایته‌ختی‌ دانیمارك ڕێكخست.
له‌م بۆنه‌یه‌دا ژماره‌كی‌ به‌رچاو له‌ كه‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌كانی‌ دانیمارك و كورد، له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا و هاوتا ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆری‌ فێرخوازانی‌ لاوی‌ كورد له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانی‌ دانیماركدا ئاماده‌بوون.
له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا ته‌ها به‌رواری وه‌زیری‌ وه‌رزش و لاوانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ دانیمارك هۆلگه‌ نیلسن و سه‌رۆكی‌ پارتی‌ سوسیالیستی‌ گه‌لی‌ دانیمارك ڤیللی‌ سویندێل و ئه‌ندامی‌ پارتی‌ سۆشیال دیموكراتی‌ دانیمارك و پارتی‌ گه‌لی‌ دانیمارك و نوێنه‌رانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ و چه‌ندین ئه‌ندام په‌رله‌مانی‌ دانیمارك و نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ سوید و باكووری‌ ئه‌وروپا و باڵیۆزی‌ كۆماری‌ فیدراڵی‌ عیراق له‌ دانیمارك و ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی‌ دانیمارك و نوێنه‌رانی‌ پارته‌ كوردی‌ و عیراقییه‌كان ئاماده‌بوون.
كۆمیته‌ی‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌ستنیشانكردنی‌ پاڵێوراوان، پێكهاتبوو له‌ خاتوو ئان سمیچ به‌رپرسی‌ ڕێكخراوی‌ Care 4 you دانیماركی‌ و خاتوو ئوزلیم چكیك ئه‌ندام په‌رله‌مانی‌ دانیمارك و ڤیلۆ سیگۆردسن سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ شاره‌وانی‌ كۆپنهاگن و هونه‌رمه‌ندی‌ ناسراو حه‌مه‌ جه‌زا و ڕه‌ند شه‌وكت فێرخواز له‌ كۆلێجی‌ زانسته‌ سیاسییه‌كان. پاشان له‌لایه‌ن خاتوو ئوزلیم و له‌ ڕێگای‌ شاشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌وه‌ ناوی‌ پاڵێوراوان بۆ خه‌ڵاتی كوردی‌ ساڵ ئاشكرا كرا كه‌ پێكهاتبوون له‌:
دكتۆر ئه‌دیب عیسا/ مامۆستا له‌ زانكۆی‌ ته‌ندروستی‌ باشووری‌ دانیمارك.
محه‌مه‌د ئه‌رده‌م/ نووسه‌ر و ڕۆشنبیری‌ كوردستان.
كامه‌ران ئیبراهیم/ هونه‌رمه‌ندی‌ شێوه‌كار و ده‌رهێنه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ و ئه‌ندامی‌ دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كه‌ناڵی‌ كوردان تی‌ ڤی‌.
خه‌ڵاتی‌ كوردی‌ ساڵ به‌خشرا به‌ كامه‌ران ئیبراهیم.
پاڵێوراوان بۆ دۆستی‌ كوردی‌ ساڵ پێكهاتبوون له‌:
كلاوس سلاڤێنسكی‌/ به‌رپرسی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ ئینستیوتی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ دانیماركی‌.
ڕێكخراوی‌ كورد/ ڕێكخراوێك بۆ پرسی‌ كورد له‌ دانیمارك.
لایف باچ كریستیانسن/ قونسوڵی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ دانیمارك له‌ عیراق.
خه‌ڵاتی‌ دۆستی‌ كوردی‌ ساڵ به‌خشرا به‌ كلاوس سلاڤێنسكی‌.
پاڵێوراوان بۆ دۆستی‌ كوردی‌ فه‌خری‌ پێكهاتبوون له‌:
ئه‌نیتا ئه‌سپاندار/ هونه‌رمه‌ندی‌ شێوه‌كار.
هۆلگا نیلسن/ جێگری‌ سه‌رۆك په‌رله‌مانی‌ دانیمارك.
تۆڤ سكوتاناب و رۆبێرت فلیپسۆن/ پرۆفیسۆر له‌ زانكۆی‌ بازرگانی‌ كۆپنهاگن، ناساندنی‌ زمان و كلتووری‌ كوردی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ زانستی‌ و ئه‌كادیمی‌.
خه‌ڵاتی‌ دۆستی‌ فه‌خری‌ به‌خشرا به‌ هۆلگا نیلسن.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری داستان