"بەڕێز حاجى نیگەرانە"

 "بەڕێز حاجى نیگەرانە"‌‌.

 

بەپێى راپرسییەکى رێکخراوى لاوى کورد، بۆ دەستنیشانکردنى باشترین بێژەر و پێشکەشکار و رۆژنامەنووس، بۆ ئەمساڵیش بەڕێز حاجى بووە باشترین بێژەرى هەواڵ.
بەپێى ئەو راپرسییەى رێکخراوى لاوى کورد، کە لە مانگى رابردوو لە سەرتاسەرى کوردستان ئەنجامدراوە، بەڕێز حاجى وەک باشترین بێژەرى هەواڵ دەستنیشان کرا، لەوبارەیەوە بەڕێز حاجى راگەیاند، ئەو بەئەنجامى راپرسییەکە دڵخۆشە، بەڵام لەوە نیگەرانە هیچ دەزگا راگەیاندنێک ئامادە نەبوون، کە بەدرێک ئاماژەى پێ بکەن، ئەوەشى گوت "ئافرەتێکى وەک من سێ جارە لەراپرسییەکى نێو خەڵکدا یەکەم بم، بەڵام دەزگا و رێکخراوێکى ئافرەتان نەهات من تەکریم بکا، لەکاتێکدا زۆر بەکەمى ئافرەت لە بوارى راگەیاندن کار دەکا، بەڵام دڵخۆشم کە ئێستا خەڵک منى تەکریم کردووە، ئەوەیان خەڵاتێکى زۆر گەورەیە بۆ من". ئەو باشترین بێژەرەیە رقى لە بەرنامەى تەرفیهى و شۆییە، دەشڵێ حەزم لە کارى رۆژنامەنووسى و بەرنامەى سیاسییە، هۆکارى کەم دەرکەوتنى ئێستاى خۆیشى، بۆ کوردستان تیڤى گێڕایەوە و گوتى "من بەپێى ئەو خشتەیە دەردەکەوم، کە کوردستان تیڤى دایناوە، بەڵام پێویستم بەوە نییە زۆر دەربکەوم".
بەڕێز حاجى روخسارێکى ئاشنایە بە خەڵک، ساڵانێکى زۆرە وەک بێژەرى هەواڵ لە کەناڵى کوردستان دەردەکەوێ، لە ساڵى (2006 و 2008) دا بەڕێز حاجى پلەى یەکەمى بێژەرى بەدەستهێنا و ئێستاش بەنیازى پێشکەشکردنى بەرنامەیەکى گەورەى کۆمەڵایەتییە لە کوردستان تیڤى.

زانا دڵشاد دزەیى
zanadzey@yahoo.com‌

 سه‌رچاوه‌:Dastan.se ماڵپه‌ری داستان