ئالان جەمال: توانای زیاترم هەبوو، بەڵام غەدرێكی زۆریـان لێكردم

 

 ئالان جەمال: توانای زیاترم هەبوو، بەڵام غەدرێكی زۆریـان لێكردم‌‌.

 

 ئاماده‌کردنی/ ئاریان سەعدی

ئەو گۆرانیبێژە خاوەن سێ گۆرانییە و بەردەوام لەكەناڵە ناوخۆییەكان پەخش دەكرێ، بەڵام گلەیی لەكەناڵە ئاسمانییە كوردییەكان هەیە، كە بەگوتەی خۆی بێ هیچ هۆیەك كلیپەكانی پەخش ناكەن. لەبەرئەوەی ئالان جەمال چەپانە ژەنینی ئامێرە مۆسیقییەكانی لاسەخت بووە، كەچی ساز و كیبۆرد و عودێكیشی لەماڵەوە هەیە.
ئالان جەمال یەكێك لەگەنجە گۆرانیبێژەكانی كوردە و لەشاری هەولێر لەدایكبووە و ئێستا لەوڵاتی سوید نیشتەجێیە، لەدیمانە
که‌ی دەڵێت، "تەمەنی منداڵیم لەشاری هەولێر بەسەر بردووە، نزیكەی 3 ساڵیش لەسۆران و ساڵیكیش لەسلێمانی ژیاوم، لەتەمەنی 16 ساڵییەوە كوردستانی ئازیزمان جێهێشت و روومان كردە وڵاتی سوید، نزیكەی 10 ساڵە وەكو پەنابەرێك لەسوید ژیان بەسەر دەبەم، خوێندنم تاپۆلی پێنجەمی زانستی لەكوردستان خوێندووە، لەوڵاتی سویدیش هەر ئامادەییم تەواو كردووە". ئالان جەمال باس لەهاندان و پشتگیری باوك و هاوڕێكانی دەكات و گوتی "لەڕاستیدا هەموو گەنجێك حەز بەدەركەوتن دەكا، بەتایبەت لەو سەردەمەی ئێستای ژیان، جا دەمەوێ ئەوەش بڵێم، كە گۆرانی گوتن حەزی دەمێكی خۆم بووە، هەروەها زۆر لەهاوڕێكانم و باوكی ئازیزم هەردەم حەزیان كردووە، كە بەشێوەیەكی رەسمی گۆرانی بڵێم، نەك هەر بۆ خۆشی، ئەوەبوو رۆژێك لەگەڵ هاوڕێیەكی نزیكم لەرێستورانێك دانیشتبووین و گۆرانی (كوا دڵداریمانم) بەخەیاڵ داهات، تاماوەیەكی زۆر هەر لەخۆمەوە دەمگووتەوە، تارۆژێكیان دانیشتم و ئاواز و هۆنراوەیەكم بۆی داڕشت و لەرێگەی هاوڕێیەكم لەگەڵ كاك بژار دیلان یەكترمان ناسی و دەستمان بەكاركردنی گۆرانییەكە كرد". دەشڵێ "گۆرانییەكی نوێم تۆمار كردووە، كە لەتێكست و ئاوازی خۆمە بەناوی (لێم دوور بە)، تەنیا كاری كلیپكردنی ماوە، هیوادارم بەم نزیكانە بتوانم ئەویشیان تەواو بكەم، كە لەو بەرهەمەشمدا سەنار محەمەد هاوكارییەكی باشی كردووم و جگە لەوەش دابەشكردنی میوزیكی گۆرانییەكەش لەلایەن بەڕێزیان كراوە".
ئەو گۆرانیبێژە حەز بە نوێكارییەكی وا دەكات، كە تایبەتمەندی خۆی لەگۆرانییەكانیدا دیاربێ و لەقاڵبە كوردییەكە دەرنەچێ، ئەوەشی ئاشكرا كرد، پێی خۆشە سوود لەئاوازی هونەرمەندانی تر وەربگرێ، بەڵام وەك گوتی "لەڕاستیدا پشت بەخۆبەستن لەهەر شتێك بێت، خراپ نییە، كاتێك ئاوازێك بۆخۆم دادەنێم، دائیمەن ئاوازەكە لەدەنگم نزیكە و لەدەنگم دەوەشێتەوە، لەهەمان كاتیشدا ئامادەم بەخۆشحاڵییەوە ئاوازی هونەرمەندانی تریش بكەم بەگۆرانی، بەڵام تائێستا پەیوەندیم زۆر كەمە لەگەڵ هونەرمەندانی تر، هەموویان لەپەنجەی دەست تێپەڕ نابن، كە من دەیانناسم". ئەو كە دەڵێ حەزم لەرەخنەگرتن نییە، بەڵام رەخنەشی لەكەناڵە ئاسمانییە كوردییەكان هەیە و دەڵێت "تارادەیەكی باش رازیم لەكارەكانم، بەڵام لەهەمان كاتیشدا توانای كاری باشتریشم هەیە، بەڵام ئەوەی ساردی كردمەوە، كەمتەرخەمی تەلەڤزیۆنە ئاسمانییەكانی كوردستانن، كە غەدرێكی زۆریان لەبڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانم كردووە، جگە لەسەتەلایتی نەورۆز نەبێ، بەداخەوە دەڵێم هەمووی بووە بەبرادەرایەتی و خزمخزمانێ، وادیارە ئەگەر كەسێك نەناسی لەتەلەفزیۆنێك، ئەوا گۆرانییەكانت دانابەزێنن، من كەسێكم حەزم لەگلەیی نییە، بەڵام ئەوە واقیعە". لەبارەی ئامێرە موزیكییەكانەوە ئالان جەمالی گۆرانیبێژ باس لەوە دەكا، چێژێكی زۆر لەعود وەردەگرێ، وێڕای تەجروبەیەكی زۆر لەسەر ژەنینیان، بەڵام فێری ژەنینێك نەبوو، كە خۆی لێی رازی بێت، گوتی "من خۆم زۆرترین چێژ لەئامێری عود وەردەگرم، لەڕاستیدا لەڕووی ژەنینەوە تەجروبەم زۆرە لەسەر ئامێرەكانی ساز و كیبۆرد و عود، بەڵام بەداخەوە بەجوانی فێری هیچیان نەبووم، هەر سێكیشیانم لەماڵەوە هەیە، بەڵام لەڕاستیدا نامەوێ ناو لەخۆم بنێم موزیكژەن، بەڵام تائێستاش مامۆستام نەبووە، هەروەها من بەدەستی چەپ ئامێرەكان دەژەنم، بۆیە كارەكە زیاتر لێم بەزەحمەت كەوتووە".

 سه‌رچاوه‌:Dastan.se ماڵپه‌ری داستان