گوڵبەهار گوڵێک لەسەرى لاوان نەتەوەیەک لە مردنى بێئاگایە

 

 گوڵبەهار گوڵێک لەسەرى لاوان نەتەوەیەک لە مردنى بێئاگایە‌‌.

 

زانا دڵشاد دزەیى: هەولێر
زۆر کەمن ژمارەى ئەو ماڵانەى لە باکوورى کوردستان سازێکیان تێدا نەبێت، بۆیە دەگوترێت، ئەوەى بە زاری کرمانجى بدوآ، دەکرێت گۆرانیبێژێکى دەنگخۆشیش بێت، گوڵبەهاریش وا بوو، ئەو لە باکورەوە بە گۆرانى"ئەز کچم، کچا کوردانم" هات، ژیان ئەوى گەیاندە بەغدا، دواجاریش پاش ژیانێکى کولەمەرگى، لەوآ ماڵئاوایى لە کورد و ئاواز کرد.
"دیتنى مەسعود بازرانى و نێچیرڤان بازرانى، تاکە ئاواتى گوڵبەهار بوو لە کوردستان، زۆر هەوڵمدا لە رێگەى بەرپرسانى پارتییەوە ئەو ئاواتەى بۆ جێبەجێ بکەم، بەڵام بەداخەوە نەمتوانى". ئەوە قسەى سینەماکار خاتوو ڤیان ماییە، کە رۆژێک دواى مردنى گوڵبەهار گێڕایەوە، ئەو هەواڵى مردنەکەى راگەیاند و ئەوەشى گوت، کە گوڵبەهار زۆر حەزى دەکرد لە کوردستان بمێنێتەوە، بەڵام حکومەت مووچەکەی بڕى و نەیتوانى لە کوردستان خۆى بژیەنێ و بە ناچارى لەگەڵ براکەى گەڕایەوە بەغدا.
رۆژى 24/2/2010 رۆژى کۆچى دوایى هونەرمەندى کورد گوڵبەهار بوو، ئەو رۆژەى کە بێنازى گوڵبەهارى بە کۆتاهێنا، وەک لە هونەرمەندە هاوڕێکانى ئەو دەگوترێ، "گرفتى بە هونەرمەندبوون و دوورى و خۆبەدوورگرتنى خزم و کەسانى، ئینجا بێمێردى و هەژارى و بێنازى، گوڵبەهارى بەرەو پیربوونێکى زوووەختە برد". گوڵبەهار ناوى راستەقینەى فاتیمە محەمەد ئەحمەدە و لە ساڵى 1932 لە باکورى تورکیا باژێرى ئامێدى لەدایکبووە، لە ساڵانى شەستەکانیش لە ئێزگەى بەغدا دەستى بە گۆرانى گوتن کردووە و 50 گۆرانى لە ئەرشیف ماوە. ئەوەى جێگاى سەرنجە گوڵبەهارى هونەرمەند زۆر بەبێدەنگى ماڵئاوایى لێکردین، بێ ئەوەى کەناڵ و دەزگا راگەیاندنەکان بەیەک دێڕ باس لە ئاوابوونى ئەو ئەستێرەیەى گۆرانى کوردى بکەن.
ئەو 45 ساڵ نموونەى ئافرەتێکى بێکەس لە بەغدا ژیا، لەو ماوەیەدا خۆشى و ناخۆشییەکى زۆریشى بینى، هونەرمەند باکوورى کە یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانى گوڵبەهار بووە، ئاوا باس لەو هونەرمەندە دەکا، "گوڵبەهار زۆر بەتەمەن نەبوو، بەڵام ئەو و نەسرین شێروانی لەبەرئەوەى تۆزێک جوان بوون، هەموو رۆژێک داوەتدەکران و دەیانخواردەوە، مەشروبیش زوو مرۆڤ پیر دەکا"، باکوورى ئەوەى ئاشکرا کرد، کە گوڵبەهار مێردێکى کاتى لە بەغدا هەبوو، تامانەوەى ئەو مێردە، ئەویش وەک شاژن دەژیا، "سادق موحەقەق ناوى مێردە کاتییەکەى گوڵبەهار بوو لە بەغدا، ئەو پیاوە ئێرانى بوو و زۆریش دەوڵەمەند بوو، هەموو مەسروفاتێکى گوڵبەهارى دەکرد، من و کاک فوئاد ئەحمەد شەوێک داوەتى ئەو بووین، خانوویەکى زۆر باشى هەبوو، لە مەیدانى حافز و قازى لە بەغدا، جوانترین جلوبەرگى لەبەردەکرد و هیچ کێشەیەکى نەبوو، چەندین جار لەگەڵ عیسا بەروارى و محەمەد عارف جەزراوى چووە پاریس و بەریروت ئاهەنگیان کرد، بەڵام کە مێردە کاتییەکەى رۆیشت، ئەو تووشى دەربەدەرى بوو"، هونەرمەند باکوورى باس لە کێشە سەرەکییەکانى گوڵبەهار کرد و پێى وایە بێمێردى و نەمانى جوانییەکەى ئەوى تووشى دەربەدەرى کرد و دەڵێت "لە شۆڕشى 1958 پیاوە کاتییەکەى گوڵبەهار لە بەغدا هەڵات، کەس نەبوو پارەى پێ بدا، تا ئەوکاتەى گەنج و جوان بوو، زۆر کەس هەبوون مەسرەفیان دەکرد، کە پیریش بوو، بەڕەڵڵایان کرد و فڕێیان دا، کەس داخوازى نەکرد. لەوکاتەوە لە گەراجێکى بەغدا دەژیا و بە تەنەکە ژوورێکى بۆخۆى دروستکربوو، ژیانێکى مەمرە و مەژی دەژیا، نەک هەر ئەو، بەڵکو عایشەشان و نەسیرین شێروانی و مریەم خانیش واژیان". باکووری دەشڵێ "ئەو زۆرجار باسى لە مێردکردن دەکرد و حەزى دەکرد مێرد بکا، بەڵام تائێستاش کە خوازبێنى نەکرد، هەروەها باسى خزم و کەسەکانى خۆى دەکرد، کە قسەیان لەگەڵ نەدەکرد، لەبەرئەوەى ببووە گۆرانیبێژ، ئەویش غەریبى دەکردن و بەو شتانە زۆر غەمبار دەبوو و دەگریا، ئەوانە زوو گوڵبەهارى بەرەو پیربوون برد". بەڵام ئەو هونەرمەندەى کە پێنج مانگ لەگەڵ کۆتایى تەمەنى گوڵبەهاردا ژیا، قسەکەى باکوورى رەتدەکاتەوە و ڤیان مایی گوتى "هونەرمەندى کۆچکردوو لاى من باسى ئەوەى کرد، کە مێردى بەعەرەبێکى موسڵ کردبوو و کچێکیشى لێى هەبووە، کچەکەى ناوى (بێریڤان)ـە و ئێستاش شووى کردووە و سێ منداڵى گەورەى هەیە". ئەو سینەماکارە نموونەیەکیش بۆ قسەکانى دەهێنێتەوە و دەڵێت "هەموو هونەرمەندان و کاربەدەستانى وەزارەتى رۆشنبیرى پێیان وابوو، گوڵبەهار لە ژیاندا نەماوە، بەڵام گوڵبەهار لە ماڵى کچەکەى لە ئوردن دەژیا، لەوێشەوە ئەوم دۆزیەوە و هێنامەوە کوردستان".
2006 ساڵى هێنانەوەى گوڵبەهارى هونەرمەند بوو بۆ کوردستان، ئەو تەنیا پێنج مانگ لە دهۆک نیشتەجێ بوو. ڤیان مایى کە کارەکتەرى هێنانەوە و چاودێریکەرى گوڵبەهار بوو، گوتى "ئامانجى من ئەوە بوو لەکوردستان خزمەتى ئەو بکەین، هەروەها ئەو وەک نموونەی ئافرەتە هونەرمەندێک نیشان بدەین، بۆئەوەى کچانى کوردستان بەوە بزانن و بێنەوە بوارى گۆرانى گوتن و لاسایى گوڵبەهار بکەنەوە"، بەڵام مایى گلەیى لە دەزگا راگەیاندنەکان هەیە و لەبەرامبەر ئەو هونەرمەندەدا بە کەمتەرخەمیان دەبینێ و گوتى "ئەوانەى کارى راگەیاندن دەکەن، هەر نازانن ئیشى خۆیان چییە، ئەوەى زانا بێت لە راگەیاندنى کوردى جیگاى نابێتەوە، ئەوەندەى گوڵبەهار لە کوردستان بوو، راگەیاندنێک نەهات، ئەو هونەرمەندە دەربخات". ڤیان مایى گلەیى ئاڕاستەى هونەرمەندەکانى کوردستانیش کرد، ئەوەشى گوت "لە ماوەى پێنج مانگدا تەنیا هونەرمەند سەمیر زاخۆیى سەردانى گوڵبەهارى کرد، هەموو کات دەیگوت: بۆچى هونەرمەندێک نایێ سەردانم بکا، زۆر حەز دەکەم بیانبینم، لەکاتێکدا هەموو هونەرمەندێکى ئەو کوردستانە دەیانزانى ئێستا گوڵبەهار لەدهۆک دەژیێ". ڤیان مایى ئاماژەشى کرد، بڕینى موچەى رێزلێنان تەئسیرێکى زۆرى کردەسەر گوڵبەهار و نەیتوانى ئاوا لە کوردستان بمێنێتەوە، بەتایبەت لەوکاتەى کە تووشى نەخۆشى و شەلەلى هات. ئەو سینەماکارە دەڵێ "براکەى هاتە لاى و بردیەوە بەغدا و گوتى: نابێ لێرە بەمشێوەیە بێناز بێ، ئێمە دەتوانین لەوێ خزمەتى بکەین".
وریا ئەحمەد هونەرمەندى موزیکژەن، وێڕاى نیشاندانى نیگەرانى لەبەرامبەر کۆچى گوڵبەهار، ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، کە لەسەردەمێک گوڵبەهار هاتە مەیدانى گۆرانى گوتن، گۆرانیبێژە پیاوەکان خەریکى هێنان و نیشاندانى کچ و ژنى عەرەب بوون، گوتى "لەکاتێک ئەو ژنە خزمەتى بەهونەرى گۆرانى کوردى کرد، زۆرێک لەهونەرمەندەکان دەچوون لەبەغدا کچ و ژنى عەرەبیان دەهێنا و گۆرانیان لەگەڵ دەگوتن، لەدوورەوە دەتزانى، کە ئەوە کورد نییە، واتا ئیشەکە زۆر کرچوکاڵ دەردەچوو، لەو رۆژگارەدا دنیایەک بۆشایى هەبوون، سەرەڕاى لایەنە کۆمەڵاتییەکە، کە تەنانەت پیاو نەدەوێرا گۆرانى بڵێ، گوڵبەهار لەو سەردەمەدا هات دەستى کرد بەگۆرانى گوتن، لەبەرئەوە زۆر حەزم دەکرد بەمدوایەى تەمەنی نازى گوڵبەهار هەڵبگیرایە و خزمەتى زیاترى کرابایە، لەبەرامبەر ئەو خزمەتانەى، کە بۆ گۆرانى کوردى پێشکەشى کرد". ڤیان مایى ئاوا باس لەئاواتێکى گوڵبەر دەکا، کە بۆى نەهاتەدى و گوتى "لەبەرئەوەى گوڵبەهار زۆر کوردپەروەر بوو، حەزى دەکرد کاک مەسعود و کاک نێچیرڤان ببینێ، کە لەتەلەفزیۆن ئەو دووانەى دەبینى، ماچى بۆ دەهاویشتن، زۆریش هەوڵمدا لەرێگەى بەرپرسەکانى پارتییەوە گوڵبەهار بگەیەنمە سەرۆک، بەڵام بەداخەوە نەمتوانى ئەو ئاواتەى بۆ جێبەجێ بکەم، هیچ کەسێک ئاسانکارى بۆ نەکردم". لەو باریەوە وریا ئەحمەد قسەى هەیە و دەڵێ "بەداخەوە گەنجێک لە ئەوروپا دێتەوە کوردستان، دنیایەک پارەى دەدەنێ و تادەچێتەوە هیچ خزمەتێک نامێنێ بۆى نەکەن، دەبوو بۆ ئەو ژنەش دوو هێندەى بۆ کرابایە".
ئەو ئافرەتە سینەماکارە وەک خۆى باسى دەکا، تائێستاش نەوەکانى گوڵبەهار نەیانزانیووە، کە داپیریان گۆرانیبێژە بووە، دەیگێڕێتەوە، ئەو حاڵەتە زۆر گوڵبەهارى بێتاقەت دەکرد، کە زۆرجار وەک کارەساتێک باسى دەکرد، "گوڵبەهار پێى گوتم: کچەکەم (بێریڤان) لەئوردن مێردەکەى کوژرا، هەر لەوێش ماوەتەوە و خاوەن سێ منداڵە، بەڵام تائێستاش کە پیربوومە، نەیهێشتووە منداڵەکانى بزانن، داپیریان گۆرانیبێژ بووە، نەوەیەک نەزانێ داپیریان چۆن ژیاوە؟ بێئاگا لەژیان و خزمەتى من".

 سه‌رچاوه‌:Dastan.se ماڵپه‌ری داستان