کەریم سمکۆ-چۆمان
Kerim_smko@yahoo.com
دواى کۆچى ناوادەى هونەرمەند ئەردەلان بەکر، زیادى ئەسعەدى
مەلیکى گۆرانى کوردى داواى مردن دەکات و مەرگ بە ئاواتەوە
دەخوازێ بۆ ئەوەى تەرمەکەى دواى ئەردەڵان بەکر بگەڕێتەوە
کوردستان .....نامەکەى کاکە زیاد کە بۆ مەرگى ناوادەى ئەردەڵان
بەکرى نووسیوە چاوى گەلێک لە جەماوەرەکەى ئاشناى گریان کرد و
هاوڵاتیانیش هەر یەکەیان لەلاى خۆیانەوە نامەکە شرۆڤە دەکەن..
هەمیشە حکوومەتى هەرێم پاڵپشتى سەرەکى هونەرمەندان بەگشتى بووە
بۆ درێژەدان بەکارە هونەریەکانى خۆیان و بەتایبەتیش
گۆرانیبێژەکان چجاى لەناوەوەى کوردستان بن یاخود لەدەرەوە،
وەلێ ئێستاشى لەگەڵدابێت کاکە زیاد ئەسعەدى نەگرتۆتەوە..ئیدى
نازانم و لێى حاڵى نیم ! بێگومان ئەوانەى لەبوارى گۆرانى و
موزیک و ئاوازدانان خزمەت دەکەن هەمیشە جێپەنجەیان دیارەو
تاسەر ئێسقان خەمخۆرى نەتەوەکەى خۆیانن، ئەوەى ساڵانێکە
لەمێشکمدا دەخولێتەوەو دەمێکە بەدوایدا وێڵم ئەو پرسیارە
بێوەڵامەیە کە سێ خاڵ بەدواى خۆیدا جێئەهێڵێ و منیش دەباتەوە
دونیاى روئیاکان و بەخەیاڵى سپێدەش حەوداڵم دەکات..وەزارەتى
رۆشنبیرى کابینەى پێنجەم و وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانى ئێستەش
هەمیشە درێخى نەکردوە لە بانگهێشتکردنى گۆرانیبێژەکان بۆ
خزمەتکردن بە بوارەکەى خۆیان لە کوردستان و بۆ کارە
هونەریەکانى خۆشیان یارمەتیاندراوە، جگە لە هونەرمەندە
کوردەکانیش ئەم خزمەتکردنە بێوێنەیە یاخود بەجۆرێکى دیکە بێژم
ئەو دۆلار باراندنە بەسەریان گۆرانیبێژەکانى جگە لە کوردیشیان
گرتۆتەوە کە زوو زوو بانگهێشتى کوردستان دەکرێن و دۆلار باران
دەکرێن و دەگەڕێنەوە، بانگکردنى هونەرمەندەکانى وەک( موعین
ئەسفەهانى و جەمشید و شوهرەوشەهرام و نەجواکەرەم و ئیبراهیم
تاتڵى ساس و... تاد و چەندانى تریش بەدواى ئەوانەوە لەڕێدان)
شایەدحاڵى ئەو راستیەن کە هەموو خەڵکى کوردستان دەیزانێت. دواى
ئەوەیش کە هونەرمەندى دوورە وڵات ئەردەڵان بەکر لە تاراوگە
سەرى نایەوە و تەرمەکەى گەڕایەوە مەنزڵگەى خۆى لە هەولێر زۆرى
لەسەر نووسراو زۆریشیان پێهەڵگۆت لە کەناڵەکانى راگەیاندن و
تیڤیەکانى کوردستان! ئەوەى منى تاساند و وەک لەسەرەتاشەوە
ئاماژەم بۆ کرد دەمێک بوو بەدوایدا وێڵ بووم نامە پڕ
فرمێسکەکەى هونەرمەندى خۆشەویستى دوورە وڵات کاکە زیاد ئەسعەد
بوو کە لە گۆڤارى نواڵەى نوێ بڵاو کرایەوە کە بۆ مەرگى ناوادەى
ئەردەڵان بەکرى نووسیبوو..بێگومان کاتێ دەقى نامەکەم خوێندمەوە
ئەو پرسیارانەى ساڵانێک بوو لەمێشکم دەخولانەوە هاتنەوە
بەرچاوم و لێڵاییەک بەرچاوى تەنیم و ئەسرینى غوربەتى مەلیکى
گۆرانى کوردى لە تاراوگە رژایە سەر کوڵمەکانم.. ئەو پرسیارانەى
کە وەڵامیان بەدەست نەدەکەوت ئەوەبوون، گۆرانیبێژێکى وەک کاکە
زیاد بۆچى نەهاتۆتەوە کوردستان؟ بۆچى تاکو ئێستە لە کەناڵێکى
کوردى لە کوردستان بانگهێشت نەکراوە؟ بۆچى وەکو گۆرانیبێژەکانى
دیکەى کورد سەیرى ناکرێت؟ بۆچى یارمەتى نادرێت بۆ بەرهەمهێنانى
بەرهەمەکانى؟ ئایا بەراست تۆبڵێى مردبێت و کەس باسى نەکات؟
یاخود هەر کورد نیە؟ لێم مەگرن کە بەمجۆرە شێتم و قسە لەخۆمەوە
دەکەم و وڕێنە مێشکمى داگیر کردووە! نا....نا.. بەراستى ئەوانە
پرسیارى زۆربەى ئێمەیە، بەڵام خۆمانى لێ لەگێلى دەدەین و
حکوومەت و لایەنەکانى پەیوەندیداریش مێش میوانیان نیە! ئەوەى
من ئاگاداربم و وەک خۆیشى لە دیمانەیەکدا لە ئینتەرنێت
خوێندمەوە باسى لێوە کردووە کاکە زیاد ئەسعەد زیاتر لە 60
گۆرانى نوێى ئامادەیە بۆ ئەوەى تۆمارى بکات، جگە لەوەش لە
سوێدەوە و بە تێکستە ناسک و ئاوازە خۆشەکانى یارمەتى زۆربەى
گۆرانیبێژە کوردەکانى لە دەرەوەو ناوەوەى کوردستانى داوە،
هەرچەندە جارێک لە گۆڤارێک بڵاو کرایەوە کە کاکە زیاد بە نهێنى
دوو رۆژ هاتبێتەوە هەولێر !بەڵام نەچووە مێشکم..
ئەوکاتەى کاکە زیاد گۆرانى دەچڕى بە دەنگە خۆشەکەى لە هەولێر
ئەوانەى ئێستە بە دەفتەر دۆلار لە گیرفانى ئێمە دەرئەکەن لەکوێ
بوون؟ بۆچى حکوومەتى خۆمان ئەوەندە بێوەفایە بەرامبەر بەو
کەسانەى کە بەراستى خزمەتى کوردستان دەکەن لەبوارەکەى خۆیان؟
نها گۆرانیبێژ هاتۆتە مەیدانى گۆرانى چڕین تەنها بە دوو گۆرانى
و کلیپ لە تاراوگەوە داوەت دەکرێت و لە کەناڵەکانى راگەیاندن و
تیڤیەکانى کوردستان رێکلامى بۆ دەکرێت و مژدەمان بۆ دەکات کە
جەنابیان هاتۆتەوە هەولێرى پایتەختى کوردستان! من دەستگرتنى
لاوان بۆ کێش کردنى گۆرانى کوردى بە خراپ نازانم، بەڵام گرنگ
ئەوەیە جیاوازى نەکرێت لەنێوان هونەرمەندان و بەتایبەتیش
گۆرانیبێژێکى بە ئەزموون و خاوەن هەڵوێست و پڕ لە عیشق بۆ
کارەکەى خۆى و خزمەتێکى بێوێنەى هەبێت. ئەویش مەلیکى گۆرانى
کوردى زیاد ئەسعەد بێت. ئێستەش هۆکارى داوەت نەکردنى ئەو
هونەرمەندە لە بەرنامەیەکى هونەرى تایبەت بە گۆرانیبێژەکان لە
کەناڵە ئاسمانیەکانى کوردستان نازانم. هونەرمەند نەما داوەت
نەکرێت، هونەرمەند نەما یارمەتى نەدرێت، هونەرمەند نەما
نەگەڕێتەوە باوەشى کوردستان، ئیدى تەنیا ئەو نەبێت دواى ئەوەش
کە دایکى کۆچى دوایى کردووە کاکە زیاد زۆر رەشبین بووە
بەرامبەر بە ژیان.. لێرەدا پێویستە وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانى
حکوومەتى کوردستان و کەناڵەکانى راگەیاندن و خودى حکوومەتى
کوردستان بە داوەتێکى فەرمى کاکە زیاد ئەسعەدى مەلیکى گۆرانى
کوردى داوەتى کوردستان بکات و تاکو ئێمەش بە بینینى شاد
بینەوەو ئەویش مشتێ خۆڵى کوردستان بۆن بکات و باوەش بۆ
پایتەختى کوردستان بکاتەوە و جەماوەرەکەى ئاهێکى خۆشى هەڵمژن،
دواى ئەوەیش یارمەتى بدرێت بۆ ئەوەى ئەو گۆرانیانەى کە ئامادەن
بۆ تۆمارکردن بۆ ئەوەى تۆمارى بکات بەجوانترین شێوە، نەوەک
خوانەخواستە مەرگ مەوداى نەدات و بۆشاییەک بخاتە نێو گۆرانى
کوردى و ئەو گۆرانیانەى کە ئامادەشى کردوون لەناو بچن، ئینجا
پەشیمانى هیچ دادى کەس نادات و لەدواى مردنیشى دەزانم هەموو
لایەک بەشان و باڵى هەڵدەکات و نووسەرەکانیش بە جوانترین وشە
لەسەرى دەنووسن وەک پیاهەڵدان بۆ مەرگى ئەو هونەرمەندە، لێرەدا
ئەمە بە پلە یەک دەگەڕێتەوە سەر خودى حکوومەتى کوردستان بۆ
ئەوەى هەرچى زووە بەم کارە هەڵسن و کاکە زیاد بە جەماوەرەکەى
شاد بکەنەوە... هەستیش دەکەم کاکە زیادیش تامەزرۆى بینینى
کوردستانە و بە هاتنەوەیشى زیاتر خزمەت دەکات بە گۆرانى کوردى
و ئاوازە ناسکەکانى بە گوێچکەمان ئاشنا دەکات..
سهرچاوه:Dastan.se ماڵپهری داستان