شێروان بێركۆتی شەپازللەیەك لە زەكەریا عەبدوڵڵا دەدات، لـــەبـەر بەنــدگــوتن كوردســـــــتانم جێهێشت

 شێروان بێركۆتی شەپازللەیەك لە زەكەریا عەبدوڵڵا دەدات، لـــەبـەر بەنــدگــوتن كوردســـــــتانم جێهێشت‌‌.

 

ئەو بەقسەی خۆی، كە دەڵێ لەسەر زەكەریای گۆرانیبێژ لێدانێكی خراپم خواردووە، باسی كۆمەڵێك لایەنی تایبەتی و پەیوەندی هاوڕێتی خۆی لەگەڵ گۆرانیبێژەكان دەكات. شێروان بێركۆتی لەو دیمانەی دا، قسەی لەسەر ئەو رەخنانەش كرد، كە رووبەڕووی بووەتەوە و بەتێكدانی حەیران خەتابار كراوە، دەڵێ "ئەگەر شتێك لەحەیران نەزانم بەخوا نایڵێم، جا ئەو خەڵكەش چیدەڵێ بابیڵێ".
شێروان بێركۆتی باوكی (سیڤەر)
ی 11 ساڵەیە و حەزی لەحەیران و گۆرانی فۆلكلۆرە، پێشی وایە ئەوانەی حەزیان لەحەیرانە، دەبێ جگەرەكێش و چایە خۆرێكی باشیش بێت، بەڵام ئەو رەقی لەجگەرەیە، گوتی "رۆژێ 8 تا 10 چای دەخۆمەوە، بچم بۆ ماڵی هەركەسێك، ئەگەر چایەكەیان خۆش بوو، دەڵێم چایەشكەشم لۆ تێكەنەوە، هەروەها چای پاش نانی زۆر خۆشە، هەرنانەكەم تەواوكەم دەبێ چایەكم لەتەنیشت بێت". شێروان بێركۆتی دەچێتە لای ئەو رەخنانەی، كە لەكارە هونەرییەكانی گیردراون و ئەوەشی ئاشكرا كرد، زۆرجار رووبەرووی رەخنەی سەیر و پێكەنیناوی بووەتەوە، لەوەشیان دەڵێت "لەسەر گۆرانی (كەنیلە)، رەخنەی زۆرم بۆ هات، كە بۆچی كەسانی بیانی بەكارهاتووە، بەڵام حەزم كرد تێكەڵكێشێك بكەم، كەسی ئەفریقی و كورد و یابانی بەشداری تێدا بكەن، لەوانەیە كەسانێكی رەشپێست هەبن لەبەرخاتری ئەو رەشپێستەی لەگەڵ مندا بووە، سەیری كلیپەكە بكەن، بۆ هەموو ئەوانەش قسەم ئەوەیە، كە گۆرانی (كەنیلە) هیچ عەیبی نییە"، ئەو گۆرانیبێژە قومێكی لەچایەكەیدا و بەردەوام بوو لەقسەكانی، ئەوەشی گوت "لەكلیپی دووەمم، ئەو حەیرانەی لەگەڵ خاڵە (حەسەن سیساوەیی) كردم، چەندین بەرپرسی گەورە تەلەفۆنی بۆ كردم، هەتا بەرپرسێكی گەورە تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی كاك شێروان حەیرانەكەت زۆر خۆش بوو، بەڵام ئەسپەكەت گەلێك قەڵەو بوو، منیش گوتم باشە خۆ من ئەسپەكەم دروست نەكردووە، هەر ئەوەم دەستكەوتووە، ئەمجارەیان ئەسپێكی لاواز دێنم، یەكێكی دیكەیان تەلەفۆنی كرد و گوتی كاك شێروان كلیپەكەت جوان بوو، بەڵام نەدەبوو لەسەر جادەی قیر بڕۆیت، گوتم باشە كاكە گیان قسەت تەواوە، ئەمجارەیان واناكەم، خۆمن رەخنەی جدیم پێخۆشە، بەڵام پیاوم دەوێ لەو رەخنانەی بۆم باس كردی، توڕە و بێزار نەبێ".
شێروان بێركۆتی دێتە سەر باسی هاوڕێكانی، بەزیاد ئەسعەدەوە دەستپێدەكات و دەڵێ "ئەگەر لەگەڵ كاك زیاد دابنیشی لەنوكتە و قسە خۆشەكانی تێرنابی و نوكتەشمان لەسەر یەك زۆرە، بەڵام زیاد جیقی بۆ خۆیەتی و هێڵكەی بۆ خەڵكە، هەركاتێك تەلەفۆنی بۆ بكەم، ئەگەر پێی نەڵێم (ها گرزە لە كێی)، نازانێ من شێروانم، چونكە ئەو وشەیە لەنێوان من و ئەودا هەیە". زیاتر لەبارەی هاوڕێكانی دەڵێت "لەساڵی 1989 من و ئەردەلان بەكر و ئەمجەد بێچارە و رزگار قادر، لەگەڕەكی سەبحەنیسانی هەولێر ئاهەنگێكمان كرد، كە هاتینە دەرەوە، پێڵاوەكەی ئەردەلان و رزگاریان دزی بوو، رزگار خۆی مشەوەش كرد و گوتی ئێستا چی بكەین و چۆن بڕۆینەوە، منیش گوتم ئەو هەراوهۆریایەی پێ ناوێ من بۆتان دەكڕمەوە، نەئەردەلان و نەرزگاریش نەیانگوت سوپاس مەیكڕەوە، وەڵڵا ناچاربووم دوو پێڵاوم بۆ حیلاج كردن". ئەوەشیان نوكتەیەكی دیكەی شێروان و ئەردەلان بەكر و رزگارە، كە یەكێكە لە یادەوەرییە لەبیرنەكراوەكانی، بەڵام ناوبراو ئەوەش دەخاتەسەر قسەكانی، كە رقی لەو رۆژگارەی خۆی دەبێتەوە بەندی تێدا گوتووە، گوتی "ئەو كاتەی بەند ببووە باو، بەناچاری بەندم دەگوت و خۆم زۆر بەرەجاڵەت دەزانێ، سەیرم دەكرد بۆ 5 یان 10 دینار بەند بەسەر كابرایەك هەڵدەڵێی، كە قەد نەشتبینیووە، راستییەكەی ئەوە بوو وایلێكردم بڕۆمە دەرەوە". دەشڵێ منداڵێكی شەڕاوی و كاسبكار بووە، هەموو كاتێكیش دار لاستیكێكی لەگیرفان بووە، گوتی "زۆر رۆژان بەدارلاستیكەوە دەچوومە بن تانكی مەكتەبی (ئیبن مستەوفی)، پڕی كۆتر بوو و دەچووم كۆترم دەكوشت، رۆژێك دایكم بەدوومداهات و منی بینی خەریكی چیم، لەوێ تفێكی لێ كردم، ئەو تفە تائێستا بۆم بووە عیبرەت". بێركۆتی ئەوەشی ئاشكرا كرد، لەسەر زلەیەكی، كە لەزەكەریا عەبدوڵڵای داوە، لێدانێكی وای خواردووە، ئێستاش ئازارەكەی ماوە، ناوبراو ئاوا دەگێڕێتەوە و دەڵێ "من و زەكەریا منداڵی یەك گەڕەك بووین لەتەیراوە، ئەو كات من لەناو فلینەیەكدا یازدەی ئازارم دەفرۆشت و نەحلەیەكی ئیسفەنجیشم لەبەردا بوو، زەكەریا 10 فلسی هێنا و گوتی یازدەی ئازارێكم بدێ، منیش یازدەی ئازارێكم دایێ. كونێكی لێكرد و دایناوە، گوتی ئەوەم ناوێ، ئەوە خۆش نییە، دانەیەكی دیكەم بدێ، منیش ئەو رۆژە هیچم نەفرۆشتبوو، گوتم تازە كونت كردووە گۆڕین نییە. جنێوێكی دا، وەڵڵا منیش نەمكردە نامەردی هەتا هێزم هەبوو زللەیەكم لەبن گوێیدا و هەڵاتم، كاك گەیلان و نەجمەدین ئاوارەی برای، كە هەردووكیان لەمن گەورەتر بوون، بەدووم كەوتن و گەیشتمەوە ماڵێ و گوتم دایە دوو پیاو بەدووم كەوتوونە دەیانەوێ بمكوژن، وەڵڵا نەجمەدین نەگەڕاوە و هاتە ژوورێ لای باوكم شكاتی لێم كرد، گوتی شێروان لەزەكەریای دایە، باوكم دیتی هەر پێنج پەنجەی من لەرومەتی زەكەریا دەرچووە، هەتا هێزی هەبوو لێیدام، ئەو لێدانە قەد لەبیر ناكەم".

 سه‌رچاوه‌:Dastan.se ماڵپه‌ری داستان